سازدانی نه‌جات رۆستی: ژنه چالاكه‌وانێكی بواری مافه‌كانی ژنان پێیوایه ئه‌و ژنانه‌ی ئه‌مڕۆ له‌په‌رله‌مانن، به‌هۆی پشتگیری حیزبه‌وه له‌وێن نه‌ك به‌هۆی چالاكییان له‌بواری ژنان‌و مافه‌كانیان، ئه‌و باسله‌وه‌ده‌كات كه رێكخراوه‌كانی ژنان له‌كوردستان بۆ مه‌رامی سیاسی به‌كارده‌هێنرێن بۆیه ئه‌مانه ناتوانن باسله نوێنه‌رایه‌تی بزوتنه‌وه‌ی ژنان بكه...
سه‌باره‌ت به رۆلی ژنان له هه‌ڵبژاردنه‌كانی ئێستاوداهاتوی كوردستان وعیراق، به‌ده‌ست هێنانی كورسی نوینه‌رایه‌تی و گه‌یاندنی كێشه‌كانی ژنان به په‌رله‌مان و ده‌سه‌لاتی سیاسی كوردی چه‌ند پرسیارێكمان له رۆژنامه‌نووس (كه‌ژاڵ حه‌مه ره‌شید) چا‌لاكڤان له بواره‌كانی ژنان كرد.
چاوی خه‌ڵك: رۆڵی ژنان له‌هه‌ڵبژاردنه‌كانی كوردستان‌و عێراق چی بووه؟
كه‌ژاڵ حه‌مه ره‌شید: ئه‌گه‌ر قسه له‌سه‌ر خودی هه‌ڵبژاردن بكه‌ین پێش ئه‌وه‌ی باس له رۆڵی ژنان بكه‌ین تیایدا، ئه‌وا من پێموایه تا ئێستا هه‌ڵبژاردنێكی راسته‌قینه‌و دروست‌و ئازادانه له مێژووی كوردوستان‌و عێراقدا به‌ڕێوه نه‌چووه. راسته‌قینه به‌و مانایه‌ی كه خودی هه‌ڵبژاردنه‌كه به‌شوێن خواستێكی واقیعی‌و جه‌ماوه‌ری‌و سیاسی خه‌ڵكه‌وه بێت، ئازادانه به‌و مانایه‌ی هه‌رتاكێكی كۆمه‌ڵا به‌ژن‌و پیاوه‌وه به‌بێ هیچ فشارێكی سیاسی‌و كۆمه‌ڵایه‌تی رای ئازادانه‌ی خۆی تیا بكات.
با لێیگه‌ڕێین له‌هه‌ڵبژاردنه‌كانی سه‌رده‌مانی رژێمی به‌عس كه بێجگه له سیناریۆیه‌كی دروستكراوی كارتۆنی هیچیتر نه‌بوو وه ئینسان له هیچ جۆره ئازادییه‌ك به‌هره‌مه‌ندنه‌بوو تا قسه له‌سه‌ر ئه‌و سیناریۆیه بكات. با بێینه سه‌ر هه‌ڵبژاردنه‌كانی دوای رژێم‌و ئێستای عێراق‌و كوردستان. له كوردستان چه‌ندین هه‌ڵبژاردن به‌ڕێوه چووه‌و جه‌ماوه‌رێكی زۆری خه‌ڵكیش به‌شداری تێدا كردووه به ئومێد‌و ئاسۆ‌و ئامانجی جیا جیاوه، وه‌هه‌روه‌ها فاكته‌رو پاڵنه‌ری جیا جیا رۆڵی بینیوه له‌سه‌ر ده‌نگی خه‌ڵك‌و خودی هه‌ڵبژاردنه‌كان‌و سه‌رئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌كانیش.
له كوردستان‌و عێراقیشدا بزوتنه‌وه‌و پارته سیاسیه‌كان له‌پشت هه‌ڵبژاردنه‌كانه‌وه‌ن، هه‌رچی جه‌ماوه‌ری خه‌ڵكیشه به‌شێكی كه‌میان ئه‌ندام‌و لایه‌نگری پارته سیاسیه‌كانن‌و به‌شوێن خواستی پارته‌كانیانه‌وه‌ن له پرۆسه‌كانی هه‌ڵبژاردندا به‌شدار ده‌بن، به‌شه‌كه‌یتری جه‌ماوه‌ر كه دابڕاون له‌خواستی پارته سیاسیه‌كان له هیچ جۆره ئازادی‌و ئامرازێك به‌هره‌مه‌ندنین تا كاندیدای خۆیان هه‌بێت له‌و پرۆسه مێژووی‌و هه‌ستیارانه‌ی كۆمه‌ڵدا به‌شدار بن بۆیه له راستیدا خودی هه‌ڵبژاردنه‌كان راسته‌قینه نابن هه‌تا تاكه‌كانی كۆمه‌ڵا به‌شداری راسته‌قینه‌و ئازادانه‌یان تێدا هه‌بێت.
ئه‌م پێشه‌كیه‌م له‌سه‌ر هه‌ڵبژاردن بۆیه باسكرد تا بڵێم ئه‌م ناهه‌قییه به‌شێوه‌یه‌كی گشتی به‌رامبه‌ر به‌هه‌موو تاكێكی كۆمه‌ڵا بووه چ جای ژنانێك كه ئازادیه‌كانیان چه‌ند به‌رابه‌ری ئازادیه‌كانی هه‌ر تاكێكیتری كۆمه‌ڵا سنوردار بووه.
به‌هه‌رحاڵا ئێستا هه‌ڵبژاردن كراوه‌و جه‌ماوه‌رێكی به‌رچاویش له‌خه‌ڵك به‌شداری تێدا كردووه، له‌و جه‌ماوه‌ره‌ش به‌شێكی ژنان بوو.
به‌ڕای من رۆڵی ژنان له‌م هه‌ڵبژاردنانه‌دا ته‌نها شتێك باشتر بووه له رۆڵی ژنان له‌سه‌رده‌مانی رژێمی به‌عس كه رۆڵی ژنان تێیدا ئه‌توانم بڵێم نزیك بووه به سفر. ئاڵوگۆڕێكی گه‌وره، روخانی رژێمێكی دڕنده، قوربانیه‌كی بێ ئه‌ژمار، به‌ڵام چوونه پێشه‌وه‌یه‌كی ئێجگار لاواز، ئه‌مانه به‌راستی جێگای دڵخۆش كردن نین.
دواتر ئه‌گه‌ر قسه له‌سه‌ر رۆڵی ژنان بكه‌ین با دیاری بكه‌ین كام ژنان، ژنانێك كه هه‌ڵسوڕاوو چالاكی بزوتنه‌وه سیاسیه جیاجیاكانن كه به‌شێوه‌یه‌كی گشتی بزوتنه‌وه قه‌ومیه‌كان ده‌گرێته‌وه كه‌تا ئێستا به‌شداریان كردووه له‌هه‌ڵبژاردنه‌كاندا، یان ژنانی چالاك‌و هه‌ڵسوڕاوی بزوتنه‌وه‌ی راسته‌قینه‌ی ژنان؟
له‌راستیدا ئه‌وه‌ی كه‌لای من گرنگ‌و جێگای بایه‌خ بێت ئه‌وه‌ی دووه‌میانه، واته رۆڵی كاریگه‌ری نه‌بووه له هه‌ڵبژاردنه‌كاندا به‌ڵكو هه‌وڵه‌كانی له‌و پێناوه‌دا زۆر لاواز‌و له‌دواوه بووه كه ئه‌وه‌ش ئه‌گه‌ڕێته‌وه بۆلاوازی خودی بزوتنه‌وه‌كه. ئه‌گینا هه‌رچی ژنانێكه كه به‌شدار بوون‌و كاندید بوون له‌و هه‌ڵبژاردنانه‌دا‌و ئه‌نجامیان به‌ده‌ستهێناوه ژنانی هه‌ڵبژێردراوی پارته قه‌ومیه‌كان بوون‌و مه‌رام‌و كاری ئه‌وانیش ته‌نها بردنه پێشه‌وه‌ی خواستی پارته‌كانیان‌و بزوتنه‌وه قه‌ومیه‌كه‌یان بووه. هیچ كام له‌و ژنانه به خواستێكی بزوتنه‌وه‌ی ژنانه‌وه ده‌نگی به‌ده‌ست نه‌هێناوه‌و له‌و جێگایه‌شدا كه‌به‌دستیان هێناوه خه‌ریكی كارێكی له‌و بابه‌ته نین.
هه‌ربۆیه ئێستاش ژنان‌و بزوتنه‌وه‌ی ناره‌زایه‌تی ژنان هیچ كات پشتبه‌ستوو نین به‌ژنانی په‌رله‌مانتار بۆبه‌ده‌ست هێنانی خواسته‌كانیان‌و كۆتایی هێنان به تیرۆر، فره ژنی، بێ مافی، چه‌وسانه‌وه، به‌رده‌باران كردن…
كام ژنه په‌رله‌مانتار له كوردستان یان له عیراق به هه‌ڵگری دروشمی فره‌ژنی ناسراوه‌و ناودار بووه؟ كام ژنه په‌رله‌مانتار به دروشمی دژی كوشتنی ژنان‌و تیرۆر كردنیان ناسراوه؟ كامیان به‌دروشمی یاسا‌و مافی یه‌كسانی ژن‌و پیاو ناسرا؟ بێگومان كه‌سیان.
چاوی خه‌ڵك: بۆچی ژنان به‌توانای خۆیان نه‌یانتوانیوه بگه‌ن به‌ده‌سه‌ڵات؟
كه‌ژاڵ حه‌مه ره‌شید: دیسان ده‌گه‌ڕێمه‌وه سه‌ر ئه‌و باسه‌ی كه بزوتنه‌وه‌ی ژنان له كوردستان‌و عیراقدا زۆر لاوازه بۆیه ژنانێكیش كه هه‌ڵگری په‌یامی راسته‌قینه‌ی ئه‌و بزوتنه‌وه‌یه بن نه‌یانتوانیوه به‌توانایی‌و په‌یامی راسته‌قینه‌ی بزوتنه‌وه‌كه‌یان بگه‌ن به‌ده‌سه‌ڵات.
بزوتنه‌وه‌ی ژنان به‌و كه‌م ئه‌زموونی‌و لاوازییه‌ی خۆیه‌وه له‌كوردستاندا ده‌رگیری ده‌یان كێشه‌ی سیاسی‌و كۆمه‌ڵایه‌تیه. سه‌باره‌ت به كێشه كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان ئه‌وه له‌وه‌ڵامی پرسیاری پێنجه‌مدا ده‌چمه سه‌ری، هه‌رچی كێشه سیاسیه‌كانه ئه‌وا ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ رۆڵی پارته سیاسیه‌كان كه كۆنترۆڵی رێكخراوه‌كانی ژنانیان كردووه.
پارته سیاسیه‌كان كاریگه‌ری گه‌وره‌یان هه‌یه له‌سنورداركردنی كار‌و هه‌ڵسوڕان‌و جه‌ماوه‌ریبوون‌و كۆمه‌ڵایه‌تیبوونی رێكخراوه‌كانی ژنان بۆیه ژنانیش نه‌یانتوانیوه ئازادانه رۆڵی كاریگه‌ری خۆیان ببینن له‌به‌ده‌ست هێنانی نفوزی جه‌ماوه‌ری‌و سیاسی‌و گه‌یشتن به‌ده‌سه‌ڵات.
هه‌ندێك له رێكخراوه‌كانی ژنان به‌شێوه‌یه‌ك كۆنترۆڵا كراون له‌لایه‌ن پارته سیاسیه‌كانه‌وه ته‌نانه‌ت دروشمی بزوتنه‌وه‌كانی خۆیان‌و پارته سیاسیه‌كه‌یان له‌یه‌ك جیا ناكه‌نه‌وه. بۆنمونه، له‌بیرم دێت له خۆپیشاندانی رۆژی جیهانی ژنانی ساڵی 2000 له‌شاری هه‌ولێر به‌شداریمكرد، ژنانی یه‌كێتی ئافره‌تانی كوردستان، له‌و خۆ پیشاندانه‌دا دروشمی "پێشڕه‌وی كورد پارتیه سه‌رۆكمان بارزانیه" یان ده‌گوته‌وه به‌ده‌نگی به‌رز.
سه‌یری دووری ئه‌م دروشمه له دروشم‌و ستراتیجه‌كانی بزوتنه‌وه‌ی ژنان له‌رۆژێكی ئاوه‌هادا. له‌سه‌ر نوسراو‌و لافته‌كانیان ته‌نانه‌ت بۆده‌رمانیش داواكاریه‌كی ژنانم به‌دینه‌ده‌كرد راستیه‌كه‌ی ئه‌و رێكخراوانه به‌هۆی ئالوده بوونیان به مه‌سه‌له میللیه‌كانه‌وه ‘‘هه‌روه‌كو پارته‌كانیان‘‘ ته‌نانه‌ت دژایه‌تی تروسكاییه‌كه‌یان كردووه كه به‌ره‌و ئامانج‌و بزوتنه‌وه‌ی واقیعی ژنان بووه.
هه‌ر له‌و خۆ پیشاندانه‌ی ساڵی 2000دا كه‌ته‌نها من‌و هاوڕێیه‌كم به‌شدار بووین له‌لایه‌ن رێكخراوی سه‌ربه‌خۆی ئافره‌تانه‌وه كه ئه‌و ده‌مه تا راده‌یه‌ك خه‌ریكی به‌رجه‌سته كردنه‌وه‌ی ماف‌و داواكاریه راسته‌قینه‌كانی ژنان بوو، به‌دروشمی یه‌كسانی هه‌مه‌لایه‌نه‌ی ژن‌و پیاوه‌وه له‌وێ بوین، به‌ڵام یه‌كێتی ئافره‌تانی كوردستان هه‌رله‌سه‌ره‌تای خۆپیشاندانه‌كه‌وه هه‌تا به‌رده‌م هۆڵی په‌رله‌مان دژایه‌تی‌و كێشه‌و ململانێ‌یان بووله‌گه‌ڵمان، سه‌ره‌نجامیش خه‌ریك بوو كێشه‌ی گه‌وره‌ی لێبكه‌وێته‌وه.
به گشتی بزوتنه‌وه‌ی ژنان روبه‌ڕوی ئه‌م ئاڵۆزی‌و رێگریانه‌ن بۆیه نه‌یانتوانیوه نوێنه‌ری راسته‌قینه‌یان هه‌بێت‌و له‌ده‌سه‌ڵات‌و به‌ڕێوه بردنی كۆمه‌ڵدا رۆڵی واقیعی خۆیان هه‌بێت. ئه‌و ژنانه‌ش كه ئه‌مڕۆ له‌ده‌سه‌ڵاتدان به هیچ شێوه‌یه‌ك ناتوانن بڵێن ئێمه نوێنه‌رایه‌تی بزوتنه‌وه‌ی شۆڕشگێڕانه‌ی ژنان ده‌كه‌ین.
چاوی خه‌ڵك: پێتانوایه له هه‌ڵبژاردنه‌كانی داهاتودا ئه‌گه‌ر ژنان وه‌ك فه‌رد خۆیان هه‌ڵبژێرن رێژه‌یه‌كی به‌رچاو به‌ده‌ست ده‌هێننه‌وه؟
كه‌ژاڵ حه‌مه ره‌شید: به بڕوای من ئه‌وان فه‌رد نین، ئه‌وان نوێنه‌رایه‌تی ناسیۆنالیزم ده‌كه‌ن له‌كوردستان‌و له عێراقیشدا. بۆیه ئه‌گه‌ر فه‌ردیش بن هه‌ر هه‌ڵگری هه‌مان دروشم‌ومه‌رامی سیاسین، به‌م شێوه‌یه به‌ڵێ هه‌مان ده‌نگ به‌ده‌ست ده‌هێنن، به‌ڵام به‌جیا له‌و ئاسۆ‌و ئامانجه سیاسیه تایبه‌تانه نه‌خێر ناتوانن ده‌نگ به‌ده‌ست بهێنن.
لێره‌دا ئه‌گه‌ر مه‌به‌سته‌كه ئه‌وه‌یه كه ئایا په‌رله‌مان له‌داهاتوشدا هه‌ر بڕیار له‌سه‌ر به‌شداریكردنی ئه‌و رێژه‌یه له ژنان ده‌دات، ئه‌وا من پێموایه به‌ڵی په‌رله‌مان دیسان بڕیار له‌سه‌ر ئه‌و رێژه‌یه ده‌داته‌وه، هۆیه‌كه‌شی ئه‌وه‌یه مه‌سه‌له‌ی ژنان‌و بێ مافی‌و چه‌وسانه‌وه‌ی ژنان له‌م ناوچه‌یه‌داو كوشتن‌و تیرۆر‌و به‌رده‌باران كردنیان بووه به له‌كه‌یه‌ك به رووی په‌رله‌مان‌و حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان‌و عێراق له‌ئاستی ناوخۆ‌و هه‌روه‌ها نێوده‌وڵه‌تیشدا.
تا ئێستا چه‌ندین جار وه‌فد‌و نوێنه‌رانی مافی مرۆڤ‌و مافه‌كانی ژنان له وڵاتانی ئه‌ڵمان‌و سوید‌و وڵاتانی ئه‌وروپاوه سه‌ردانی كوردستانیان كرد بۆقسه‌كردن له‌سه‌ر مافه‌كانی مرۆڤ و هه‌روه‌ها ژنان له‌م ناوچه‌یه‌دا.
ئه‌م شه‌رمه‌زاریه له‌به‌رامبه‌ر كوشتار‌و چه‌وساندنه‌وه‌ی ژناندا زۆری بۆهێناون قسه له‌سه‌ر مافه‌كانی ژنان‌و به‌رگرتن به تیرۆر‌و چه‌وسانه‌وه‌یان بكه‌ن. بۆیه به‌ڕای من له‌كاتێكی ئاوه‌هادا ناچن رێژه‌ی به‌شداری ژنان له‌په‌رله‌ماندا كه‌م كه‌نه‌وه.
من حه‌ز ده‌كه‌م ئه‌وه‌ش رونبكه‌مه‌وه مه‌به‌ست ئه‌وه‌نیه ژنان ته‌نها له بواری مه‌سه‌له‌ی ژناندا كار بكه‌ن، نه‌خێر ژنان ده‌بێت له‌دام‌و ده‌زگا جۆراو جۆره‌كانی به‌ڕێوه بردنی كۆمه‌ڵگه‌دا رۆڵیان هه‌بێت، به‌و پێیه‌ی په‌رله‌مانی ئه‌مڕۆ بێجگه له كوشتار‌و چه‌وسانه‌وه هیچیتر به ژنان نه‌به‌خشیوه، ژنانی په‌رله‌مانتاریش كه‌له‌ده‌زگا جۆراو جۆره‌كانی به‌ڕێوه بردندا كارده‌كه‌ن كۆمه‌ك به‌و ده‌سه‌ڵاتی تیرۆر‌و بێ مافیه‌ی ژنان ده‌كه‌ن.
چاوی خه‌ڵك: تا چه‌ند داب‌و نه‌ریتی كۆمه‌ڵایه‌تی رێگره له‌به‌رامبه‌ر خۆكاندید كردنی ژنان بۆهه‌ڵبژاردنه‌كان؟
كه‌ژاڵ حه‌مه ره‌شید: هه‌ڵبه‌ت دواكه‌وتویی‌ولاتوندی داب‌و نه‌ریتی كۆمه‌ڵایه‌تی له‌به‌رامبه‌ر ژناندا ڕێگرێكی زۆر گه‌وره‌وبنه‌ره‌تییه له به‌رده‌م چالاكی وده‌ركه‌وتنی ژناندا. ئه‌م مه‌سه‌له‌یه زۆری له‌سه‌ر وتراوه‌و زۆر رۆشنه كه ئه‌گه‌ر ژنان پێشێل‌و سه‌رپێچی داب ونه‌ریته كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان نه‌كه‌ن، ئه‌وا نه‌ك خۆكاندیدكردن‌و به‌شداریكردن له‌بواری سیاسی وهه‌ڵبژاردندا، به‌ڵكو هیچ جۆره چالاكیه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تییان بۆناچێته پێشه‌وه.
ئه‌گه‌ر به‌داب‌و نه‌ریتی كۆمه‌ڵایه‌تی بێت ئه‌وا باروزروفی ژنانی ئه‌ڤغانستان‌و سعودیه‌و كوه‌یت باشترین نمونه‌ی ده‌ست گرتنن به‌و داب‌ونه‌ریته‌ی كه‌تائیستا بۆیان نیه ده‌نگبده‌ن له‌هه‌ڵبژاردندا.
ئه‌م داب‌و نه‌ریته كولتوره دواكه‌وتوه وه‌ختێك له‌لایه‌ن ژنانه‌وه پێشێلكراوه ژنانی روبه‌روی توندوتیژی‌و چه‌وسانه‌وه‌ی سه‌ختتر كردوه‌ته‌وه.سه‌رزه‌نشتكردن، رێگه‌گرتن له‌چونه ناو كۆمه‌ڵگه، هه‌ره‌شه‌و ئه‌تككردن، فتوادان، دواتریش تیرۆر كردن به‌شی ژنانی یاخی بووی دواكه‌وتووی وداب ونه‌ریتی ئه‌و كۆمه‌ڵگه‌یه‌ن.
به‌داخه‌وه كه له‌م چه‌ند ساڵه‌ی دواییدا به‌هۆی گه‌شه‌ی بزووتنه‌وه‌ی ئیسلامی سیاسیه‌وه فه‌رهه‌نگ‌وداب‌و نه‌ریتی كۆمه‌ڵگاله‌به‌رامبه‌ر ژناندا توندتر بۆیه‌وه.
به‌مشێوه‌یه ژنان له پیاده‌كردنی سه‌ره‌تاییترین خواسته‌كانیاندا روبه‌روی رێگری ده‌بنه‌وه چ جای به‌شداریكردنیان له‌سیاسه‌ت‌و ده‌سته‌ڵات‌و به‌رێوه‌بردن كه گرانترین‌و سه‌خترین ئه‌ركێكه له كۆمه‌ڵگه‌دا.
چاوی خه‌ڵك: رێكخراوه‌كانی ژنان له‌هه‌ڵبژاردنه‌كان تا چه‌ند توانیویانه پاڵپشتی له ژنه پاڵێوراوه‌كان بكه‌ن بۆگه‌یشتن به ئامانجه‌كانیان؟
كه‌ژاڵ حه‌مه ره‌شید: ژنانی پاڵێوراو هه‌ڵبژێردراو كاندید له‌لایه‌ن رێكخراوه‌كانی ژنانه‌وه، ئه‌وان كاندیدای پارته سیاسیه‌كانن. به‌وته‌یه‌كیتر ئه‌وان چالاك و هه‌ڵسورا رابه‌رانی رێكخراوه‌كانی ژنان نین تاپشتیوانی له‌وانه وه‌رگرن.پێم وایه ژماره‌یه‌كی زۆر كه‌میان ئه‌ندامان وبه‌رێوه‌به‌رانی رێكخراوه‌كانی ژنان بن.
له‌م حاڵه‌ته‌شدارێكخراوه‌كانی ژنان خاوه‌نی جه‌ماوه‌ر‌و نفوزی كۆمه‌ڵایه‌تی نین تاپشتیوانی ژنانی پاڵێوراو بكه‌ن بۆهه‌ڵبژاردن.
وه‌ك باسمانكرد ته‌واوی مه‌سه‌له‌كه ده‌گه‌رێته‌وه بۆ رۆڵی پارته سیاسه‌كان‌و هه‌ڵبژاردن هی ئه‌وانه.بوونی ژنانیش له‌و هه‌ڵبژاردنانه‌دا مه‌به‌ستیان مه‌سه‌له‌ی بزوتنه‌وه‌ی ژنان‌و رۆڵی رێكخراوه‌كانی ژنان نیه.
چاوی خه‌ڵك: پارته سیاسیه‌كان تاچه‌ند سه‌ركه‌وتوو بوون له هه‌ڵبژاردن وكانیدكردنی ژنانی په‌رله‌مانتار له په‌رله‌مانی كوردستان وعێراق؟
كه‌ژاڵ حه‌مه ره‌شید: من ئه‌وه به‌سه‌ركه‌وتن نازانم كه ئه‌و رێژه‌ی كورسی په‌رله‌مان دراوه به‌ژنان له‌و لاشه‌وه سوكایه‌تیكردن به ژنان په‌ره‌ده‌سه‌نێت‌وكوشتن‌و تیرۆر بووه به‌دیارده‌ی رۆژانه‌و یاساش له‌به‌رامبه‌ر تاوانباراندا به چۆكدا چووه‌و لێپرسینه‌وه له‌م خوێنرشتنه‌ی هه‌موو رۆژێكی ژنان له‌به‌رده‌م جۆره‌ها رێگردان.
تائێستاش نووسه‌ران‌و رۆژنامه‌وانان هه‌ڵسورانی ئه‌م بواره رووبه‌روی هه‌ره‌شه‌و فتواو زیندانیكردن ده‌بنه‌وه.ژنانی پاشماوه‌و قوربانی ئه‌نفال ده‌ربری چه‌ندین كێشه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی‌و ده‌رونی‌و ئابوری سه‌رباقی گه‌وره‌یی جه‌رگبڕی ئه‌و كاره‌ساته‌ن، كه‌چی ئه‌وان ئێستاش له‌هه‌لومه‌رجێكی خراپ‌دا ژیان ده‌گوزه‌رێنن‌و وه‌كو پێویست لایان لێناكرێته‌وه. ژنانی په‌رله‌مان چی ده‌كه‌ن گه‌ر خه‌ریكی وه‌ڵامدانه‌وه به‌م كێشانه نابن؟
ژنانی په‌رله‌مان له‌كوێن كاتێك سه‌رژمێریه سه‌رسوڕهێنه‌ره‌كانی تیرۆر‌و خۆكوشتنی ژنان ده‌شاردرێته‌وه له راپۆرته‌كانی په‌رله‌مان كه بۆرێكخراوه نێوده‌وڵه‌تیه‌كانی ده‌نێرن؟
له 35%په‌رله‌مان رێژه‌یه‌كه به‌راستی ده‌توانی ره‌وتی باسه‌كان بگۆرێته سه‌ر ئه‌رك وئامانجێكی دیاریكراو ئه‌گه‌ر مه‌به‌ستیان بێت.له‌دوای كاره‌ساتی گه‌وره‌ی به‌رده‌بارانكردنی دوعا دار‌و به‌ردجووڵا، نه‌م بیست ژنه په‌رله‌مانتاریك یه‌خه به په‌رله‌مانه‌كه‌ی بگرێت له‌دوای ئه‌و كاره‌وداوای به‌دواداچوون لێپرسینه‌وه بكات. بۆیه من جاێكیتر ده‌ڵێم سه‌ركه‌وتن وچونه پێش نابینم له‌بوونی ئه‌و رێژه‌یه له‌ژنان له‌په‌رله‌ماندا.