گه‌ر به قسه‌ی فه‌یله‌سوفی به‌ناوبانگ عه‌مانوئیل كانت مرۆڤ ته‌نها به‌هۆی "په‌روه‌رده"وه ببێته مرۆڤێكی ڕاسته‌قینه، ئه‌وا بێشك په‌روه‌رده‌ی ئێمه نه‌یتوانیوه ڕۆڵی هه‌بێت له دروستكردنی مرۆڤی ڕاسته‌قینه‌دا. ئێمه ئێستا له‌ناوه‌نده‌كانی خوێندندا گوێبیستی گۆڕان ده‌بین له سیسته‌می په‌روه‌رده‌دا، گۆڕانێك كه حكومه‌ت و به‌رپرسانی بواری په‌روه‌رده ده‌یانه‌وێت دڵخۆشمان بكه‌ن به‌وه‌ی كه سیسته‌می په‌روه‌رده‌یان گۆڕیوه و له‌مه‌ودوا به سیسته‌مێكی مۆدێرن و كراوه نه‌وه‌كانمان په‌روه‌رده ده‌كه‌ن. بێشك هه‌وڵی گۆڕینی سیسته‌می په‌روه‌رده مایه‌ی پێزانینه و جۆرێكه له خه‌مخۆری به‌رپرسانی بواری په‌روه‌رده و ڕه‌نگه كه‌م تا زۆر ده‌ستیشی هه‌بێت له خوڵقاندنی كاره‌كته‌ری ته‌ندروست له كۆمه‌ڵگه‌دا، چونكه زیاد له هه‌ر كایه‌یه‌كیتر كایه‌ی خوێندن و په‌روه‌رده فۆرمێكی ته‌واو ته‌قلیدی وه‌رگرتبوو كه جگه له بێده‌نگكردن و سه‌پرێسكردنی خوێندكار چیدی به‌رهه‌م نه‌ده‌هێنا.
به‌ر له هه‌ر شت پێویسته قه‌له‌ق بین به‌وه‌ی كه گۆڕان له په‌روه‌رده‌دا ته‌نها گۆڕانێك بێت له‌سه‌ر ئاستی ڕووكه‌ش و درێژكردنه‌وه‌ی كلاسه‌كان و نه‌هێشتنی تاقیكردنه‌وه‌ی نیوه‌ی ساڵ و ئاوێته‌كردنی قۆناغی سه‌ره‌تایی و ناوه‌ندی و گۆڕانی كلاسی یه‌كه‌می ناوه‌ندی به كلاسی حه‌وت. ئه‌م گۆڕانه له‌سه‌ر ئاستی ڕوكه‌ش و فۆرم بێشك ڕازیكرنی كۆمه‌ڵگه و ئه‌و ڕه‌خنانه‌یه كه ئاراسته‌ی به‌رپرسانی په‌روه‌رده ده‌كرێت له‌م هه‌رێمه‌دا. ناكرێت باس له گۆڕانی سیسته‌می په‌روه‌رده بكه‌ین به‌بی میتیۆدێك كه ته‌فسیرمان به‌رامبه‌ر به مرۆڤ بگۆڕێت. گۆڕینی سیسته‌می په‌روه‌رده گه‌ر له سه‌ر ئاستی ده‌ره‌كی و ڕوكه‌ش بێت ئه‌وا گۆڕانێكه شایه‌نی ئه‌وه نییه دڵخۆشمان بكات.
گۆڕینی ئاڵای عیراق به كوردستان و سرودی وه‌ته‌نولمه‌دا به ئه‌یڕه‌قیب و گۆڕینی مێژووی به‌عس به مێژووی كوردی، جگه له گۆڕانێكی ڕوكه‌ش هیچی دی نییه. ئێمه به‌ر له هه‌ر شت ده‌بێت ته‌فسیری خۆمان به‌رامبه‌ر به ئاڵا و سرود و مێژوو بگۆڕین، ئه‌مه‌ش به میتیۆدێكی نوی داده‌ڕێژرێت، نه‌ك گۆشكردنی خوێندكار به كۆمه‌ڵی ڕه‌مز و ده‌لاله‌تی مێژوویی كه له‌گه‌ڵ میتیۆدی نوی و مۆدێرنی سه‌رده‌مدا یه‌كنه‌گرێته‌وه. به‌رپرسانی بواری په‌روه‌رده مادوبوونه‌كه‌یان به هه‌ده‌ر ده‌ڕوات گه‌ر نه‌توانن به‌ر له هه‌رشت حورمه‌ت بۆپه‌روه‌رده بگه‌ڕێننه‌وه. ئیستا له كۆمه‌ڵگه‌ی كوردیدا بێڕیزترین و بێئه‌مێتترین كایه، كایه‌ی خوێندن و په‌روه‌رده‌یه.
سه‌یركه ساڵانه به هه‌زاران گه‌نج له زانكۆ و په‌یمانگاكانی ئێمه بڕوانامه به‌ده‌ست ده‌هێنن به‌بی ئه‌وه‌ی حكومه‌ت بتوانێت خه‌ونه‌كانیان بهێنێته‌دی له دامه‌زراندن و هه‌ل بۆڕه‌خساندن و پراكتیزه‌كردنی زانسته‌كانیاندا. ڕۆژانه به ده‌یان و سه‌دان گه‌نجی ئه‌م ولاته سه‌فه‌ر ده‌كه‌ن و كوردستان به دۆزه‌خ ده‌زانن به‌بی ئه‌وه‌ی سیسته‌می په‌روه‌رده توانیبێتی گیانێكی یاخی لای ئه‌م نه‌وه نوێیه‌ی دوای ڕاپه‌ڕین بچێنێت. مه‌سه‌له‌ی په‌روه‌رده له كوردستان به‌وه‌ی كه ناتوانێت تاكی ئازاد له كۆمه‌ڵگه‌دا بخوڵقێنێت، به‌ر له هه‌رشت په‌یوه‌ندی به‌وه‌وه هه‌یه كه ئێمه ده‌مانه‌وێت سه‌رجه‌م ئه‌و وه‌زیفانه‌ی كه په‌یوه‌ندی به په‌روه‌رده‌ی نه‌وه‌كانه‌وه هه‌یه بخه‌ینه ئه‌ستۆی سیسته‌می په‌روه‌رده.
به مانایه‌كیتر ئێمه سه‌رجه‌م شوێنه‌كانیتری ژینگه‌ی نه‌وه‌كان فه‌رامۆش ده‌كه‌ین و چاوه‌ڕێین سیسته‌می په‌روه‌رده نه‌وه‌كانمان ئازاد بكات. ئێمه به‌رله‌وه‌ی په‌نا بۆسیسته‌می په‌روه‌رده ببه‌ین ده‌بێت خێزان فه‌رامۆش نه‌كه‌ین. په‌روه‌رده هه‌رچیه‌ك بكات هێشتا ده‌سه‌ڵاتی خێزانی نییه بۆنه‌وه‌كان. خێزان له كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه‌دا خێزانگه‌لێكی ته‌واو سته‌مكارن، خێزانگه‌لێك له كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه‌دا ئاماده‌گیان هه‌یه كه كه‌م تا زۆر نه‌وه‌كان له‌سایه‌ی ده‌سه‌ڵاتی باوك و برای گه‌وره‌دا چانسی هه‌ناسه‌دانیان نییه به شێوه‌یه‌كی جیاواز. خێزانگه‌لێك كه تا ئه‌م چركه‌ساته‌ش كه نه‌وه‌كانیان ده‌به‌ن بۆخوێندنگه به مامۆستاكان ده‌ڵێن: گۆشتی بۆئێوه ئیسقانی بۆمن.
سه‌یركه به‌م كۆته‌یشنه خوێندكار چۆن خوێندنگه‌ی لێده‌بێته زیندان و سه‌رجه‌م حه‌زوو ئاره‌زووه‌كانی بۆفێربوون تێدا ده‌كوژرێت. ئێمه ده‌بی پێش ئه‌وه‌ی سیسته‌می خوێندن بگۆڕین، ده‌بێت به سیسته‌می خێزان و كۆنسێپتی ئه‌خلاق له چوارچێوه‌ی خێزاندا بچینه‌وه. تا ئه‌م چركه‌ساته‌ش گه‌ر ماڵ بۆنه‌وه‌كان زیندانی یه‌كه‌م بووبێت، ئه‌وا قوتابخانه زیندانی دووه‌م بووه. ده‌سه‌ڵاتدارانی بواری په‌روه‌رده هه‌وڵ ده‌ده‌ن نه‌وه‌كان له زیندانی دووه‌م قوتار بكه‌ن، به‌بی ئه‌وه‌ی قسه له زیندانی یه‌كه‌م بكه‌ن. تا ئه‌م چركه‌ساته‌ش خێزان زیندانێكه بۆسه‌پرێسكردن و كوشتنی سه‌رجه‌م ئاره‌زوو حه‌زه‌كانی نه‌وه‌كان، خێزان زیندانێكه سه‌رجه‌م ئاره‌زووه‌كانی فێربوون لای تاكه‌كان ده‌كوژێت.
لێره‌وه خستنه ئه‌ستۆی سه‌رجه‌م كێشه‌و قه‌یران و مردنی ئاره‌زووی فێربوون بۆسیسته‌می په‌روه‌رده كه‌م تا زۆر هه‌ڵه تێگه‌یشتنمانه بۆخودی په‌روه‌رده به‌گشتی. به‌رپرسانی بواری په‌روه‌رده له هه‌رێمه‌دا ده‌بێت به‌ر له هه‌ر شت ئه‌و دیواره به‌رزانه بڕوخێنن كه به‌ده‌وری خوێندنگه‌كاندا كێشراوه، گه‌ر نه‌شتوانن له ناوه‌وه گۆڕان دروست بكه‌ن خۆ ده‌توانن قوتابخانه له فۆرمی زیندانه‌وه بگۆڕن به شوێنێكی كراوه كه له باخچه‌یه‌كی فێربوون بچێت و نه‌وه‌كان كه چوونه ژووره‌وه حه‌ز نه‌كه‌ن بگه‌ڕێنه‌وه بۆماڵ یاخود بۆئه‌و كۆڵانانه‌ی كه حه‌رف به حه‌رفی سیسته‌می په‌روه‌رده له‌بیر خوێندكار ده‌باته‌وه.